Reklam
بابه‌ته‌ نوێیەکان‌
recent

جیاوازی نێوان زمانەکانی پڕۆگرامسازی { C و C++ و C# و Objective-C }



زانستی کۆمپیوتەر زۆر فراوانە هەتاوەکو ئەگەریش بڕوانامەی زانکۆت وەرگرت یاخود چەندین ساڵ لەو بوارەدا لە کۆمپانیایەک ئیشت کردبێت ، وە زۆربەی خەلکیش لەوانەیە جیاوازی نێوان بوارەکانی نەزانێت.

 لەوانەیە لای زۆربەتان ئاشکرا بێت کە زمانی C دایکی هەموو زمانەکانی ئێستای کۆمپیوتەرە ، هەندێکیشتان لەوانەیە C++تان بەکارهێنابێت ، کە ئەویش بنەچەکەی سەر بە زمانی Cیەو وەشانێکی پێشکەووتوی زمانی Cیە ، بەڵام کاتێک خوێندکارێک یاخود کەسێکی پیشەگەر یەکێک لە زمانەکانی C# و Objective-C دەبینێت زۆربەی جار توشی سەرلێشێواوی دەبن.

پێش هەمووشتێک دەبێت لەوە تێبگەین کە هەموو ئەو زمانانەی کە باسیان دەکەین C++وC# یان Objective-C هەموویان بە زمانی C دروست کراون یان سودیان لە زمانی C وەرگرتوە ، بۆ ئەوەی جیاوازی نێوانیان و تایبەندمەندیەکانیان بزانین یەکە بەیەکە باسیان دەکەین.


زمانی بەرنامەسازی C

یەکێکە لەو زمانە هەرە کۆنانەی کە لەسەرەتای حەفتاکاندا گەشەی پێدرا ، یەکەم جاریش لە کۆمپیوتەرە مەرکەزیەکان(central computer) بەکاردەهات دواتر لەساڵی ١٩٨٠ بۆ کۆمپیوتەرە بچوکەکان پەرەی پێدرا ، بەپێی تێپەڕبوونی کات زمانی C بوو بەیەکێک لە زمانە هەرە بەناوبانگەکانی جیهان و لە زۆربەی بوارەکانی تەکنەلۆژیا بوونی هەیە ، ئەگەر سەیرێکی ئاماری بەکارهێنانی زمانەکانی بەرنامەسازی بکەیت لە ئێستادا هێشتا دەبینی زمانی C زاڵە بەسەر زمانەکانی کەدا.

زمانی C بەشێوەیەکی فراوان لە سیستەمە وەگەڕخەرەکان(Operating System) بەکاردێت لەگەڵ پتەواڵە(Firmware) و سیستەمەکانی تر بەکاردێت ، هەروەها بۆ نوسینی ئەو کتێبخانانەی(Library) کە بۆ بەکارهێنانی لە زمانەکانی تردا دەبێت وە بۆ ئەو بەرنامانەی کە لەسەر چەند سیستەمێکی جیاواز بەکاردێت.

هەرچەندە دەتوانیت لە زمانی Cدا پێکهاتە(Structure) بەکاربهێنیت بۆ بە کۆمەڵ کردنی نرخەکان پێکەوە ، زمانی C یەکێک نیە لەو زمانانەی کە پشتگیری بەرنامەسازی داڕشتنی تەن(Object Oriented Programming) دەکەن ، زمانی C نە پشتگیری تەن(Object) یان پۆل(Class)  ناکات ، بەڵام لەوانەیە توشی سەرسوڕمان بیت کە ئەو زمانانەی کە بنەچەکەیان زمانیC یە وەکو C++ و C# و Objective-C هەموویان پشتگیری لە بەرنامەسازی داڕشتنی تەن دەکەن.



زمانی بەرنامەسازی C++

بەرنامەسازی داڕشتنی تەن(OOP) ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە بواری بەرنامەسازیدا کە ئاڵۆزی کۆدەکانت کەم دەکاتەوە وە نمونەی جیهانی ڕاستەقینە دەخاتە بەردەستت بۆ ئەوەی بە ئاسانی مامەڵە لەگەڵ کۆدەکانت بکەیت هەروەها بیرۆکەیەکی ڕون نیشانی بەرنامەسازان دەدات لە دەستپێکردنی پڕۆژەکانیاندا.

زمانی C++ بەشێوەیەکی سەرەکی بۆ بەرنامەسازی داڕشتنی تەن گەشەی پێکراوە کە بۆ پڕۆژە گەورەکان بەکاردێت ، وە لە بنەڕەتدا ئەم زمانە وەشانێکی پێشکەوتووی زمانی Cیە کە تەنی تێدایە ، لە ئێستادا زمانی C++ بە یەکێک لە زمانە زۆر دڵخوازەکان دێت کە لەلایەن ئەو کەسانەوە بەکاردێت کە یاریە ئەلکترۆنیەکان دروست دەکەن وە ئەو بەرنامانەی کە بۆ ئیشی گرافیک بەکاردێت ، هەورەها بۆ ئەو بەرنامانەشی کە بە ڕووکاری بەکارهێنەر(User Interface) دەکرێن لەگەڵ ئەو ئیشانەی کە پەیوەندیان بە دەنگەوە هەیە وەک (Digital audio signal processing).

بەرنامەسازی داڕشتنی تەن تایبەندمەنی زۆری هەیە بەڵام یەکێک لە تایبەندمەندیە گرنگەکانی ئەوەیە کە ئەو تەنەی کە دروستت کردوە لە بەرنامەکەتدا دەتوانی دووبارە بەکاری بهێنیتەوە لە بەرنامەیەکی نوێی تردا زۆر بە ئاسانی ، زمانی C++ لە زۆر لە بەرنامەکان بەکار هاتووە وەک Adobe Photoshop و Mozilla Firefox وە تەنانەت لە سیستەمە وەگەڕخەرەکانی وەک Microsoft Windows.


زمانی بەرنامەسازی C# یاخود C Sharp

زمانی بەرنامەسازی C# بەشێوەیەکی زۆر بەربڵاو بەکاردەهێنرێت لە دروست کردنی بەرنامەکانی Windows ، هەروەها جێبەجێ کردنی خزمەتگوزاریەکانی دواوەی ماڵپەڕەکان(backend web services) و بنکەی دراوەکان (Database).

ئەم زمانە لە ساڵی ٢٠٠٠ دروست کرا وە بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ دروست کردنی بەرنامەکانی Windows بەکاردێت لەژێر چوارچێوەی Microsoft .NET ، هەرچەندە بەشێوەیەکی بەربڵاو لەسەر سیستەمیWindows  بەکاردێت بەڵام ئەمە سیستەمی سەرەکی ئەم زمانە نیە دەتوانیت لە زۆربەی بوارەکانی کەدا بەکاری بهێنیت وەک دروست کردنی یاری یاخود دروست کردنی بەرنامە بۆ سیستەمەکانی AndroidوIOSیش و چەندان بواری کە.


زمانی بەرنامەسازی Objective-C

ئەم زمانە بەشێوەیەکی سەرەکی بۆ ئەوە دروست کرا کە بەرنامەسازی داڕشتنی تەن(OOP) بەشێوەیەکی باشتر تێیدا بەکاربێت و بەشێوەیەکی خێراتر بەرنامەساز بتوانێت بەرنامەکانی دروست بکات ، لەلایەن کۆمپانیای NeXTوە دروست کراوە کە بۆ کۆمپیوتەرەکانی Steve Jobs بەکار هات وە دوای بەشێوەیەکی سەرەکی کردیە زمانی سەرەکی سیستەمەکانی macOS و IOS.

لەم چەند ساڵەی دوایدا زمانی بەرنامەسازی Objective-C گۆڕدرا بۆ زمانی Swift لەلایەن ئەپڵەوە ، ئەگەر دەتەوێت بێتە نێو جیهانی ئەپڵ و سیستەمەکەی ئەوا پێویستە فێری هەریەکە لە زمانەکانی Objective-C و Swift ببیت.


 سەرچاوە:   کاروان ئایتی  

مافی ئەم بابەتە پارێزراوە لە ماڵپەڕی چوارچێوەی ئایتی ، هەموو ماڵپەڕ و دەزگایەک ئازادە بە لەبەرگرتنەوەی هەر بەشێکی بابەتەکە بە مەرجێک ناوی چوارچێوەی ئایتی وەک سەرچاوەی سەرەکی بەکار بهێنێت!

چوارچێوەی ئایتی

نوسەری بابەت: چوارچێوەی IT -

- دەربارەی ماڵپەڕ

ئێمە چەند گەنجێکین هەلساوین بە دانانی مالپەرێک بە مەبەستی خزمەت کردن و هاوبەش کردنی گشت ئەو شتانەی ئێمە دەیزانین و دەگەرێین و فێردەبین و لێرەش دایدەنێین.

وێنه‌ و بابه‌ت

پەیجی فەڕمی چوارچێوەی ئایتی

يتم التشغيل بواسطة Blogger.