کۆمپانیای گووگڵ بڕیاریدا کۆتایی بە ئەپی Inbox بێنێت، کە جێگرەوەیەکی ئەپی جیمەیڵە بۆ کردنەوەی ئیمەیڵ و ناردن و چەندین کاری تری پەیوەست بە ئیمەیڵ بە شێوەیەکی پێشکەوتوو.
شایەنی باسە، گووگڵ بە فەرمی ٢ی مانگی داهاتووی دیاریکردووە بۆ کۆتایی هێنان بەم خزمەتگوزارییە و پێشنیارکردنی ئەپی جیمەیڵ وەکو جێگرەوەی سەرەکی بۆ ئەم ئەپە. جێگەی وەبیرهێنانەوەیە، ئەم خزمەتگوزارییە ئەزمونێک بوو بۆ تاقیکردنەوەی نوێترین تایبەتمەندییەکان پێش زیادکردنیان بۆ ئەپی جیمەیڵ. بەڵام ئینبۆکس چیتر تایبەت نەما چونکە گووگڵ بڕیاریدا ئەپەکە کۆتایی پێ بهێنێت، و لەمەودوا ڕاستەوخۆ ئیش لەسەر جیمەیڵ بکات و سەرەنجی بەکارهێنەران بۆ لای ئەو ئەپە ڕابکێشێت.
گووگڵ لە ١٨ی ئەم مانگەوە پەیامی بۆ بەکارهێنەرانی ئەم ئەپە ناردووە کە لە دوای ١٥ ڕۆژی تر ئەپەکە چیتر بەردەست نامێنێت، و تێبینی ئەوەشی داوە کە بەکارهێنەران دەتوانن گشت تایبەتمەندییەکانی ئینبۆکس لە جیمەیڵ بەدەست بخەن و چێژ لە بەکارهێنانی وەرگرن.
بۆ ئەوەیشی گووگڵ دڵنیا بێتەوە بەکارهێنەران ڕوو لە ئەپی جیمەیڵ دەکەن، لە پەیامەکەدا بەستەرێک هاوپێچ کراوە تا بەکارهێنەران بیکەنەوە و ئەپی جیمەیڵ لەسەر ئامێرەکانیان جێگیر بکەن.
لە ڕاستیدا، لەگەڵ دوا وەشانی جیمەیڵ بە تەواوی لە ئەپی ئینبۆکس دەچێت، و گشت تایبەتمەندییەکانی ئەو ئەپەی بۆ بەردەست کراون، ئەمەش وادەکات بەکارهێنەران بە ئاسانی خۆیان لەگەڵی بگونجێنن و هەوادارانی خۆیان لەدەست نەدەن.
سەرچاوە: کەی ئای تی ئێن - KITN
مافی ئەم بابەتە پارێزراوە لە ماڵپەڕی چوارچێوەی ئایتی ، هەموو ماڵپەڕ و دەزگایەک ئازادە بە لەبەرگرتنەوەی هەر بەشێکی بابەتەکە بە مەرجێک ناوی چوارچێوەی ئایتی وەک سەرچاوەی سەرەکی بەکار بهێنێت!


